ڕیچارد دۆکینز (Richard Dawkins) لە کتێبی (The God Delusion 2006)دا ئەم چەمکانەی سەرەوە بەم مانایانە بەکار ئەهێنێت، کە من لەم نووسینە کورتەدا باسی ئەکەم.
Theism (تێئیزم): باوەڕبوونە بەوەی، بوونەوەرێکی هۆشمەند لەدەرەوەی سروشت، هەستاوە بە درووستکردنی گەردوون. لەدوای ئەوەش چاودێریی دروستکراوەکەی ئەکات و چارەنووسیشی دیارییئەکات. ئەو، لە زۆربەی باوەڕە تێئیستییەکاندا، سەرقاڵە بە ووردەکاری ژیانی مرۆڤەکانەوەو، گوێ لە نزاو پاڕانەواکانیان ئەگرێ، تاوانەکانیان ئەبەخشێت یان سزایان ئەدات، دەچێتە ناو ڕێڕەوی جووڵەی جیهانەوە لە ڕێگەی مۆجیزەوە، یان زۆر بە ووردیی چاودێریی هەڵس و کەوتەکانی مرۆڤ ئەکات و ئەزانێت لەداهاتوودا چی ئەکەن، یان بەنیازن چی بکەن.
Deism (دێئیزم): ئەمیش بەهەمان شێوەی تێئیزم باوەڕبوونە بە بوونەوەرێکی هۆشمەندی بانسرووشتی. بەڵام، ئەم، لەدوای درووستکردنی گەردوون، هیچ بەشدارییەک لە ڕێڕەوی جووڵەی سرووشتدا ناکات. ناچیتە ناو ژیانی مرۆڤەکانەوەو بێباکە لە نزا و پاڕانەوەکانیان. ئەو، هەر لەسەرەتادا، یاسای بۆ هەموو شتێک داناوە و پێویستیی بەوە نەماوە چاککاریی یان گۆڕنکاریی تێدا بکات.
Pantheism (پانتێئیزم): بە پێچەوانەی ئەوانەی پێشوو، لێرە، بوونەوەرێکی بانسرووشتی لە ئارادا نییە، کە بوونێکی سەربەخۆی لە دەرەوەی سرووشت هەبێت. ئەمان، ووشە یان چەمکی خودا وەک هاومانای سرووشت بەکارئەهێنن. خودا تەنها میتافۆرێکە بۆ سرووشت و لە بەکارهێنانێکی شاعیرانە زیاتر بۆ خودی سرووشت، هیچ مانایەکی تری نییە. ئەمە هەمان خوداکەی سپینۆزا و فیزیکناسەکانە. بە باوەڕی دۆکینز، هەموو ئاماژەکردنێکی فیزیکناسەکان بۆ خودا، بەبێ تێگەشتنێکی پانتێئیستانە بۆ خودا، تووشی هەڵەتێگەشتنمان ئەکات. کاتێک ئەنیشتاین ئەپرسێت: ئایا خودا، جگە لە درووستکردنی گەردوون، هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی هەبوو؟ مەبەستی ئەوەیە: ئایا ئەگونجا، گەردوون بەجۆرێکی جیاواز لەوەی ئێستا هەیە، بوونی هەبوایە؟
Atheism (ئاتێئیزم): هەمان باوەڕی پانتێئیزمە، بەڵام، لێرە، ووشە یان چەمکی خودا بەکارنایەت، یان زەروورەتێک بۆ بەکارهێنانی لە ئارادانییە. ئاتێئیزم باوەڕبوونە بە پاساو و ڕوونکردنەوەی زانستی بۆ هەموو دیاردەکان. مرۆڤ ناچارنییە، تەنها لەبەرئەوەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی لەبەردەستدا نەبیت بۆ پرسیارەکانی، پەنا بۆ هێزێکی بانسرووشتی ببات و هەموو نهێنییەکان بسپێرێت بە حیکمەتە شاراوەکانی ئەو.
مەبەستی من لەم نووسینە، ئەوە نییە کە پشتگیریی یان هاورایی خۆم بۆ دۆکینز پێشان بدەم. بەڵام ئەکرێت، تەوزیفی ئەم چەمکانە بکەم لە نووسینێکدا. باوەڕیشم وایە، خوێندنەوەی هەر بیرووبۆچوونێک، هەنگاوێک نزیکماندەکاتەوە لە تێگەشتنێکی باشتر و بینین لە گۆشەو روانگەی جیاوازەوە.