سەدان جۆر پێناسە بۆ “کولتوور” هەیە. بەڵام پێناسەیەکی مامناوەند ئەکرێت بریتیی بێت لە (شێوەژیانی دەستەجەمعی). واتە تاکەکانی سەر به کلتوورێک، تا ئەندازەیەکی بەرچاو، بە هەمان شێوە ڕەفتار ئەکەن لە هەرکوێیەکی دونیا بن. بە مانایەکی تر، خاوەنی هەمان جیهانبینین. تێگەشتنیان بۆ شتەکان، چۆنە و پێویستە چۆن بێت، زۆر لەیەکترەوە نزیکە، تا ئەوئەندازەیەی کە بووترێت، یەکجۆر جیهانبینییان هەیە. لێرەدا، .مەبەست هەڵسوکەوت و ڕەفتارە ڕۆژانەییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەوە کولتوورە رەفتارێکی “ئاسایی” لە ڕەفتارێکی “نەشاز = شاذ” جیائەکاتەوە
بۆنموونە: کاتێک کەسێکی بەتەمەن سواری پاسیک ئەبێت، لە کاتێکدا هیچ کورسییەک خاڵی نییە، کوڕێکی گەنجی تەمەن بیست ساڵ جێگاکەی خۆی بۆ کەسە بەتەمەنەکە چۆڵ ئەکات تاکو دانیشێت. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، گەنجەکە سەرپێچی کۆدێکی کولتووریی کردووە، و دوور نییە لەبەرچاوی ئەوانی تر، کە بەتەمەن لەو گەورەترن، بەچاوێکی نزمیش سەیربکرێت. لە هیچ شوێنێک نەنووسراوە، جیاوازی تەمەنەکان پێویستە چەندبێت، تاکو کەسی یەکەم شوێنەکەی خۆی چۆڵ نەکات و ئاساییش بێت. ئەوە کولتوورە ئەو سنوورە دیاریئەکات.
هەموو ئەو ڕەفتارانەی، لەلایەن ئەوانیترەوە چاوەڕێ ئەکرێت لە کەسێک ئەنجامی بدات لە هەر بارودۆخێکدا، کولتوور سنوورەکانی ئەکێشێت. ئەمە ناو ئەنێین “کۆد”. واتە کولتوور بریتییە لەو کۆدانەی تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک، کە کولتوورێکی هاوبەشیان هەیە، ڕەچاوی ئەکەن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەشتنیاندا (لە چوارچێوەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا). شێوازی سڵاوکردن، تۆنی دەنگ لەکاتی قسەکردندا، شێواز و ڕەنگی جلوبەرگ و ئەو شتانە، لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا بەشیکن لە کولتووری ئەو کۆمەڵگایە.
هەموو ئەم کۆدانە، بەجۆرێک لەجۆرەکان، ڕێککەوتنێکی دەستەجەمعی لەسەرە. بۆئەوەی بتوانین ژیانێکی ئاسایی بژین و هەمیشە نەکەوینە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاکەکانی تردا، پیویستمان بە رەچاوکردنی ئەو کۆدانە هەیە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
- ئەم نووسینە و ئەوانەی دوواتریش، دەربارەی کولتوور، سەرچاوەکەی کتێبی کولتوورناس و ئەنترۆپۆلۆگێکی سوێدییە بەناوی (ییللیس هێرلیتز Gillis Herlitz) کە لەساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە و لە شاری ئوپسالا دەژی لە ووڵاتی سوێد. کتێبەکە ناوی (Kultrgrammatik)ـە، واتە ڕێزمانی کولتوور.
- دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، ویستم وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی. بەڵام لەبری ئەوە بەچاکمزانی، بە کورتی و کوردی، ئەوەی بەلامەوە گرنگە بۆ کوردێک کە زمانی سوێدی نازانێت، بەچەند بەشێک و بە ووشەی خۆم بلاوبکەمەوە.