تێبینی:
١. لەبەرئەوەی سەرچاوەی کوردیم لەم بوارەدا نەخوێندووەتەوە، لەوانەیە هەندێ لەو چەمکانەی بەکاری ئەهێنم، تەواو لەجێگەی خۆیدا نەبێت. ئەگەر چەمکێک یان ووشەیەکم بە هەڵە بەکارهێنابوو یان دەربڕی ئەو مەبەستەکەی من نەبوو، داوای لێبووردن ئەکەم.
٢. من ووشەی موغاڵەتەم لە زمانی عەرەبی وەرگرتووە کە لەوانەیە ئاشنا یێت بە تێگەشتنی زۆربەمان. مەبەستیشم موغاڵەتەی لۆجیکییە، کە لە بواری بەلگەهێنانەوە (Argumentation, استدلال) و گفتووگۆدا ڕووئەدات.
٢. موغاڵەتەی “داهۆڵ” (Straw Man, رجل القش)
لەم جۆرەیاندا، کەسی بەرامبەر، لەبری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەڵگەی پێشکەشکراودا، گێڕانەوەی بەرامبەرەکەی ئەشێوێنێت و بە جۆرێکی تر، کە لەناوەڕۆکدا زۆر جیاوازە لە ئیددیعای یەکەم و لە فۆرمدا نزیکە لەوەوە، ئەگێڕێتەوە. پاشان هێرش ئەکاتە سەر ئەو گێڕانەوە هەڵە و شێوێنراوەی خۆی دروستیکردووە.
بۆنموونە: کەسێک ئەڵێت: لە مێژووی مرۆڤدا، ژن زۆرجار بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆوە دووچاری چەوساندنەوە بووەتەوە. بۆیە پێویستە بوار بڕەخسێنرێت بۆ ژن، تاکو کاربکات و ببێتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی خۆی. کەسی بەرامبەر، بۆ دەربازبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکە، ئەڵێت: تۆ ئەڵێی، ژن کاربکات و ببێتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی و دەسەڵاتی ئابووری، تاکو بەو هۆیەوە پیاو بچەوسێنێتەوە. ئەمەی تۆ ئەیڵێت، فەوزا و بەڕەڵایی دروست ئەکات و شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا ئەشێوێنێت. ئەمە لەکاتێکدا، هەرگیز مەبەستی کەسی یەکەم نەبووە.
ئەمجۆرە لە موغاڵەتە، لەوانەیە، بەربڵاوترین جۆریان بێت. زۆربەیجار، لە گفتووگۆی ڕاستەوخۆی کەناڵەکانی میدیادا بەرچاو ئەکەون. بەڵام کێشەی کەسی سێیەم لەوەدایە، ئەگەر زانیاری لەسەر گێڕانەوە ئەسڵییەکە نەبێت، ناتوانێت دەستنیشانی موغاڵەتەکە بکات. نموونەی ئەم مەترسیە: کاتێک ووتارێکی ڕۆژنامەیەک کە وەڵامی نووسینێکی پێشترە، وا بەڵگەو گێڕانەوەکانی نووسینەکەی پێشتر ئەگێڕێتەوە، مرۆڤ بەناچاری ئەچێتە ژێر کاریگەریی ڕەخنەکانەوەو، و زۆربەیجاریش، ئەگاتە هەمان دەرەنجامی ڕخنەگرەکە. ئەمە لەکاتێکدا، ئەگەر، نووسینەکەی یەکەم وەک خۆی پێشان بدرێت، کەسی سێیەم لەوانەیە بگاتە دەرەنجامێکی جیاواز.
٣. پەنابردنە بەر بڕوای زۆرینە “جەماورپەسەندی” (Argumentum ad populum)
ئەمجۆرەیان بەکورتی لەم ئاوازەی هەیە: لەبەرئەوەی هەزاران کەس باوەڕیان وایە “شتێک” ڕاستە، کەواتە ئەو “شت”ـە ڕاستە. ئەمە بەو مانایە نایەت، کە هەر باوەڕ و بۆچونێک کە زۆرینە لەگەڵیدابن، ڕاست نییە. پێویستە خاڵی سەرنج لەسەر هۆکاری باوەڕەکەبێت، واتە، بۆچی زۆرینە لەسەر ئەو بڕوایەن. بۆنموونە: زۆرینەی خەڵک باوەڕیان وایە کە زەوی خڕە. ئەم بڕوایە پشت بەستووە بە چەندەها لێکۆڵینەوە و بەڵگەی زانستی. بەڵام کاتێک، کۆمپانییایەک ئیددیعای ئەوە ئەکات، کە بەرهەمەکانی باشترینن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵک، لەبەرهەمەکانی ئەو کۆمپانییایە ئەکڕن. ڕەنگە، هۆکاری پڕفرۆشی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانییایە، بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکلامانەی ئەو کۆمپانییایە ئەیکات، بەجۆرێک شارەزایانە و چروپڕ ئەکرێت، خەڵک زۆرتر بەرهەمەکانی ئەوان ئەکڕن.
ئەو کەسەی کە بەمجۆرە بەڵگە ئەهێنێتەوە، هەوڵ ئەدات لەم ڕێگایەوە، ئەرکی بەڵگەهێنانەوە لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێت، ئەوەی من ئەیڵێم ڕاستییە و تۆش پێویستە، بەبەڵگە پێچەوانەی بۆچوونەکەی من بسەلمێنیت. ئەمە لە کاتێکدا ئەو هیچ ڕاستییەکی نەسەلماندووە، تەنیا پشتی بە ڕای زۆرینە بەستووە.
٤. ئیعتیباری ساختە (False authority)
ئەمجۆرە لە موغاڵەتە پشت بە پسپۆڕی ساختە یان ناپەیوەندیدار ئەبەستێت. واتە، بۆچوونی کەسێک، بەو بیانووەی کە پسپۆڕی هەیە لەبوارێکدا، ئەکرێتە بەڵگەی ڕاستی هەر بۆچونێک کە بدرێتە پاڵ ئەو کەسە.
پرۆفیسۆر فڵان ئەڵێت: گورچیلەی بزن ئەتوانرێت لە ناو جەستەی مرۆڤدا، بەهەمان شێوەی گورچیلەی مرۆڤ، کاربکات. بۆچوونی فڵان پرۆفیسۆر نابێتە بەڵگە، ئەگەر بواری پسپۆڕییەکەی لە زانستی پزیشکیدا نەبێت، یان زیاتریش بڕۆین، پێویستە لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕیی لە گورچیلەی مرۆڤدا بێت. هەرچەندە، لەبەرئەوەی بۆچوونی ئەم پڕۆفیسۆرە، زانیارییەکی بەربڵاو نییە، مرۆڤ ئەوکاتە ناتوانێت، بەبێ گومانکردن، ئەم بۆچوونە پەسەندبکات. کێشەکە لەوەدایە، ئەو پڕۆفیسۆرە، پسپۆڕییەکەی بواری ئابووری بێت. ئەوکاتە، هیچ ئیعتیبارێک بۆ پایە زانستی و ئەکادیمیەکەی دانانرێت لەبواری گفتووگۆکەدا، یان پەیوەست بە بابەتەکەوە.
واتە، پسپۆڕبوون لەبوارێکدا، مافی حەسانە نابەخشێت لە هەڵەبوون. بۆیە گرنگە، پرسیاری ئەوە بوورووژێنرێت، ئایا ئەو پسپۆڕە دەربارەی بواری پسپۆڕییەکەی خۆی دواوە؟ ئایا بۆچوونەکەی پێچەوانەی بۆچوونی پسپۆڕەکانی تری ئەو بوارە نییە؟ ئایا بەڵگەی پێویستی بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی خستووەتە ڕوو؟