وەڵامی پرسیاری هەڵە، هەڵەیە.

“ئایا بایکۆتکردنی خویندن لەلایەن مامۆستاوە چارەسەرە؟”

ئەمەی سەرەوە پرسیاری بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی “NRT”یە. بەڕیوەبەری بەرنامەکە زۆر بە شانازییەوە، باوەڕی وابوو، دەستی خستۆتە سەر کرۆکی کێشەکە. لە دریژەی بەرنامەکەشدا، وەڵامەکان گێژاوێکیان دروستکردبوو، نە بەڕیوەبەری بەرنامەکە، و نە بینەر و بەشداربووەکان بە تەلەفۆن سەریان لێدەرەکرد.

گەمژەیی ئەو پرسیارە لەودایە، چاوەڕێی ئەوەبیت “بایکۆتکردن” چارەسەربێت. ئەوەی ئەو پرسیارە ئەکات، بێئاگایە لەوەی، مانگرتن و بایکۆتکردن، ئامرازی فشارن، نەک چارەسەر. واتە: مامۆستایان بۆیە کارناکەن، ئەیانەوێت فشار بخەنە سەر دەسەڵات، بە ئەرکی سەرشانی هەستێت. پرسیار ئەوکاتە ئەوەیە” ئایا وەڵامدانەوەی “حکومەت” بۆ ئەوکارەی مامۆستایان، چارەسەرە یان نا. بەمانایەکی تر، خودی بایکۆتکردنەکە کێشەیە و پێویستی بە چارەسەرە. بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پێویستە بزانین، هۆکاری دروستبوونی کێشەکە چییە. کە زۆر بە سادەیی: دەرەنجامی شکستهێنانی “حکومەت”ە لە هەستان بە ئەرکەکانی خۆی، کە لەم حاڵەتەدا، بریتییە لە پێدانی کرێی ئەو کارەی مامۆستایان ئەیکەن.

کاری بێبەرامبەر یان مەبەست لێی “بەخشینە” یان “بێگاریی”ە. لەم دوو حاڵەتە زیاتر، هەر بیانوویەک تەنها کاوێژکردنە و هیچ مانایەکی نییە. حکومەت لەسەر چ بنەمایەک داوای کار لە مامۆستا ئەکات بەبێ ئەوەی کرێی کارەکەیان بداتێ؟ لەناو چ تێکستێکی یاسای خزمەتکردنی مەدەنییدا نووسراوە، فەرمانبەرێک پێویستە بەردەوام بێت لە کارکردن، ئەگەریش خاوەنکار، کە لەو سیاقەدا “حکوومەت”ە، کرێی “مووچە” کارەکەی نەدات؟ هەر پاساویک بۆ نەتوانینی “حکوومەت” بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرەکانی، جگە لە شکستهێنانی “حکوومەت”، هیچ مانایەکی نییە.

من باوەڕم بەوە نییە، لە کوردستاندا، هێزێکی نیشتمانیی هەبێت و تەنها بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی دانیشتووانەکەی بچێتە جەنگەوە. ئەوانەش کە ناویان “پێشمەرگە”یە، چەکداری یەکێتی و پارتین. تەنهاش بە فەرمانی ئەو دوو گرووپە ئەچنە جەنگەوە. شەرعییەتی ئەو جەنگانەش بە پێی بەرژەوەندیی ئەو دوو گرووپە ئەپێورێت، نەوەک بەرژەوەندیی خەڵک. ئەم بۆچوونە حاشا لەوە ناکات، کە ئەکرێت چەکداراەکانی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر، بۆ نموونە داعشدا، بەو باوەرەوە کاربکەن، کە پارێزگاریی لە نیشتمان و خەڵکەکەی ئەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مەترسییەک ڕووبەڕووی ئەو ناوچەیە ببێتەوە، پێش هەمووکەس، مەترسییە بۆ سەر ژیانی شاهانەی بڕیاربەدەستەکانی یەکێتی و پارتی، دوای ئەوانیش مەترسییە بۆ سەر ژیانی دەوڵەمەندەکان. خەڵکی سادە ژیانی، لەو دۆزەخەی کە ئێستا تیایدا ئەژیی، کەم تا زۆر وەک خۆیەتی. ئەمە بەو واتایەیە، ئەو چەکدارانەی پارتی و یەکێتی، کە بەرامبەر “داعش” وەستاوون، پێش هەموو شتێک، بەرگرییکردنە لە سەڵتەنەت و بەهەشتی بڕیاربەدەستەکانی ئەو دوو گرووپە. لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراقدا، حکوومەتی ئێراق هیچ کاتێک پەنای بۆ ئەو پاساوە گەمژانەیە نەبرد، کە خەڵک پێویستە واز لە مووچەکانیان بهێنن بە بیانووی گرانیی مەسرەفی جەنگ. هەرچەندە مۆراڵی حکوومەتی ئێراق لە بەرزترین ئاستی فەسادا بوو.

بە داخستنی دەرگاکانی خویندن، مامۆستایان وانەیەک فێری خویندکارەکان ئەکەن، هەموو مێژووی دەزگای خوێندن لە کوردستاندا فێری نەکردوون. ئەویش وانەی: بێدەنگ نەبوونە لە زوڵم و ناهەقیی. گووتنی “نەخێر” بەرامبەر پێشێلکردنی ماف و ژیانی مرۆڤ. ئەم وانەیە زۆر بەنرختر و بە بەهاترە لەو کاوێژ و حیکایەتە درۆیانەی لە پەرتووکەکانی خوێندکارەکاندا نووسراوە. لە بەرامبەریشدا، قاییلبوونی مامۆستایان بە کارکردن بە بێ مووچە و ملدان بە داخوازییەکانی “حکوومەت”، بە کردار، مرۆڤێکی ملکەچ و گەمژە بەرهەمدەهێنێت لەو مناڵانەی، باوک و دایکیان دەمێکە ژیانی مێگەلییان قبووڵکردووە.