سویدییەکان قسەیەکیان هەیە ئەڵێت: Vi behöver inte uppfinna hjulet på nytt. واتە پێویست ناکات دووبارە تایە دابهێنینەوە.
مەبەستەکە ئەوەیە: زانین و مەعریفەی مرۆڤ، لەسەر دەستکەوتەکانی پێشخۆی بونیات ئەنرێت. واتە، پێویست ناکات بۆ هەر بابەتێک ئێمە لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە، بەڵکو لەوێوە دەستپێئەکەین کە ئەوانەی پێش خۆمان پێیگەشتوون.
نموونە: بڕۆیت دەبەیەکی کۆلا ببڕیت و بڵێیت، من ڕەحەتییم داهێناوە. ئەمە لەکاتێکا کە ڕەحەتییەکت دەستناکەوێت و ناچاریت دەبەیەکی کۆلا ببڕیت و کارەکەی خۆتی پێڕایی بکەیت، شتێکی ئاساییە. بەڵام بێیت و بیکەیت بە هەڵڵا و بڵێیت: من داهێنانێکی تازەم بۆ ژیانی مرۆڤ زیادکردووە، جگە لە ئیدیعایەکی خۆخەڵەتێنەر و گەمژانە، هیچی تر نییە.
ئێستا ئەگەر بمەوێت نموونە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانا بهێنمەوە، سەرئێشەیەکی زۆر دروست ئەبێت، چونکە نموونەکان ئەوەنە زۆرن، هەر تەواو نابن. ئەوەی لێرەیا گرنگە ئەوەیە، ئەم قسەیە بۆ مەعریفەی تیۆریش هەر هەمان بابەتە. واتە تۆ بێیت و، بۆ نموونە، لەسەر بابەتێکی وەکو “حوکمڕانی”، بەو بڕوایەوە کە هیچ مرۆڤێک پێش تۆ، باسی ئەو بابەتەی نەکردووە. یان دەربارەی تێگەشتن و خوێندنەوەی هەر دیاردەیەکی/بابەتێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری یان فەلسەفی، دەستبکەیت بە ڕێسان، هەر هەمان تاس و حەمامە. دەستکردن بە گیرفانا و قسەی بۆش و بێبنەما کردن، ئەچێتە خانەی خۆخەڵەتاندنەوە. لەبری ئەوە، بڕۆ بزانە، پێش تۆ، خەڵک چی لەسەر ئەو بابەتە وتووە، تۆ لەدوای ئەوانەوە دەستپێبکە. ئەمە کرۆکی کار و پێشەی ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانە. ئەگەریش ووڕێنە ئەکەیت و باسی زانستیی بوون و ئەکادیمیی بوون لەئارادا نییە، ئەوە هەر بۆخۆت بیڕێسە، بەڵام ڕاستگۆبە بڵێ: من بۆخۆم ئەڕاوێنم، ئێوەش کاتی خۆتان بە منەوە مەکوژن.