کولتوورناسی ـ 2

لە زمانی ئاخاوتن و نووسیندا، ئێمە ووشە و دەربڕینەکانمان لە چوارچێوە و ڕیزبەندییەکی وادا بەکارئەهێنین، تاکو ئەو مانایە ببەخشێت کە ئێمە ئەمانەوێت. بەم ڕێکخستن و ڕیزبەندییە ئەڵێین (ڕێزمان = grammar). ئێمە کاتێک کە بەزمانی دایک ئەدوێین، کات بۆ ڕێکخستنی ووشەکان و دۆزینەوەی شوێنی ڕاست بۆ فرمان (فعل)ـەکان تەرخان ناکەین. دانامێنین بەدەست ئەوەی ئایا دۆخی ڕابردووی تەواو بەکاربێنین یان ڕابردووی دوور، بەڵکو بە شێوەیەکی سروشتی و بەبێ فشارهێنان بۆ بیرکەدنەوەمان، لەشوێنی ڕاستدا بەکاریان ئەهێنین. ئەم دۆخە بۆ زمانێکی بێگانە، کە تازە فێری ئەبین هەروا ئاسان نییە. واتە فێربوونی ڕێزمانی زمانە بێگانەکەمان پێویستە، تاکو بتوانین بە دروستی بدوێین.

بە هەمان شێوە، ئەتوانین باس لە (ڕێزمانی کولتوور)یش بکەین. ڕێزمانێک بۆ بەها، یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، سیمبۆڵ و ڕەفتارەکان. ئەو ڕێزمانەش پێویستە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە دروستیی پەیامی بەرامبەرەکەی دەرک بکات. وەک چۆن ئەگەر زمانێکی بێگانە نەزانین، ناتوانین تێیبگەین، هەرئاواش، نەزانینی ڕێزمانی کولتتورێک وامان لێئەکات، پەیامەکە بۆ کولتووری خۆمان وەرگێڕین بۆ ئەوەی دەرکی بکەین، ئەگینا لێیتیناگەین. ئەمە زۆرجار تووشی بە هەڵەتێگەشتنمان ئەکات. ڕێزمانی کولتووری بریتیە لە (چوونیەکییەکی گشتی).واتە ڕێککەوتن و خوویەکی دەستەجەمعی، کە تاکەکانی کۆمەڵگایەکی دیارییکراو لەسەری کۆکن. ئەتوانین بڵێین، ڕەفتارێک لە کولتوورێکی دیاریکراودا بەوجۆرەش نامەنتیقی و ناقۆڵا نییە، ئەگەر بە ڕێزمانی هەمان کولتوور لێکیبدەینەوە.

نموونە: لەیەکێک لە سەنتەرەکانی وەرگرتنی پەنابەران لە ووڵاتێکی سکەندیناڤی، کارمەندەکە لەکوڕێک، پەناخوازێکی عەرەبی ئێراقی ئەپرسێت: منداڵت هەیە؟ ئەویش ئەڵێت: ژنم نەهێناوە. کارمەندەکە بەسەرسوڕمانەوە ئەپرسێت: ئەی منداڵت هەیە؟ پەناخوازەکەش بە دڵنییاییەوە وەڵام ئەداتەوە: ئەڵێم ژنم نەهێناوە. هیچکامیان لەوەیتریان تێناگات.

لە کولتووری پەناخوازەکەدا، پیاوێک ئەگەر ژنی نەهێنابێت، بەبێ ڕونکردنەوەی زیاتر، بەو مانایە دێت، کە منداڵیشی نییە. بەڵام ئەمە بۆ کارمەندەکە، کە خاوەنی کولتوورێکە، پیاوێک ئەکرێت باوک بێت و منداڵی هەبێت بێئەوەی پێویست بکات ژنی هێنابێت، (ژنم نەهێناوە) وەڵامی ئەو پرسیارەی تیانییە، ئایا منداڵی هەیە یان نا. کارمەند و پەناخوازەکە بە ڕێزمانی دوو کولتووری جیاواز ئەدوێن، بۆیە لەیەکتر تێناگەن.

بۆ ئەوەی بتوانین لەناو کولتوورێکی بێگانەدا، بە دروستی بدوێین و دەربڕین و ڕەفتارەکانمان بەهەڵە لێکنەدرێنەوە، پێویستمان بەوە هەیە، سەد لە سەد لە ڕێزمانی ئەو کولتوورە بێگانە شارەزابین. ئەمەش ئەرکێکی فرەئاسان نییە، ئەگەر نەڵێین ئەستەمە. بۆ ئەم کارە، پێویستمان بە ئارەزوویەکی سروشتی و راستەقینە هەیە بۆ تێگەشتن، کە زۆرجارتەنها بەشی تێگەشتن لە “بەشێک” لە کولتوورە بێگانەکە ئەکات. تێگەشتن لەوەی هەر کولتوورێک ڕێزمانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، هەنگاوی یەکەمە بۆ تێگەشتن. ئەمە بێجگە لەوەی، باوەڕبوون بەوەی کە هیچ ڕێزمانێک لەویتر ڕاستتر، باڵاتر، یان چاکتر نییە، ئەو ئاسۆیەت بۆ ئەکاتەوە کە لە کولتوورەکانی تر تێبگەیت.

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکان، کە وائەکات فێربوونی ڕێزمانی کولتوورێکی بێگانە هێندە دژواربێت ئەوەبێت، ڕێزمانی کولتوور وەک ڕیزمانی زمانی ئاخاوتن و نووسین نەنووسرابێتەوە لە دووتوێی کتێبەکاندا. بۆ فیربوونیشی وەڵامی شیکارییکراومان بەهەمان ئاسانیی دەستناکەوێت.

کولتوورناسی ـ 1

سەدان جۆر پێناسە بۆ “کولتوور” هەیە. بەڵام پێناسەیەکی مامناوەند ئەکرێت بریتیی بێت لە (شێوەژیانی دەستەجەمعی). واتە تاکەکانی سەر به کلتوورێک، تا ئەندازەیەکی بەرچاو، بە هەمان شێوە ڕەفتار ئەکەن لە هەرکوێیەکی دونیا بن. بە مانایەکی تر، خاوەنی هەمان جیهانبینین. تێگەشتنیان بۆ شتەکان، چۆنە و پێویستە چۆن بێت، زۆر لەیەکترەوە نزیکە، تا ئەوئەندازەیەی کە بووترێت، یەکجۆر جیهانبینییان هەیە. لێرەدا، .مەبەست هەڵسوکەوت و ڕەفتارە ڕۆژانەییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەوە کولتوورە رەفتارێکی “ئاسایی” لە ڕەفتارێکی “نەشاز = شاذ” جیائەکاتەوە

بۆنموونە: کاتێک کەسێکی بەتەمەن سواری پاسیک ئەبێت، لە کاتێکدا هیچ کورسییەک خاڵی نییە، کوڕێکی گەنجی تەمەن بیست ساڵ جێگاکەی خۆی بۆ کەسە بەتەمەنەکە چۆڵ ئەکات تاکو دانیشێت. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، گەنجەکە سەرپێچی کۆدێکی کولتووریی کردووە، و دوور نییە لەبەرچاوی ئەوانی تر، کە بەتەمەن لەو گەورەترن، بەچاوێکی نزمیش سەیربکرێت. لە هیچ شوێنێک نەنووسراوە، جیاوازی تەمەنەکان پێویستە چەندبێت، تاکو کەسی یەکەم شوێنەکەی خۆی چۆڵ نەکات و ئاساییش بێت. ئەوە کولتوورە ئەو سنوورە دیاریئەکات.

هەموو ئەو ڕەفتارانەی، لەلایەن ئەوانیترەوە چاوەڕێ ئەکرێت لە کەسێک ئەنجامی بدات لە هەر بارودۆخێکدا، کولتوور سنوورەکانی ئەکێشێت. ئەمە ناو ئەنێین “کۆد”. واتە کولتوور بریتییە لەو کۆدانەی تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک، کە کولتوورێکی هاوبەشیان هەیە، ڕەچاوی ئەکەن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەشتنیاندا (لە چوارچێوەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا). شێوازی سڵاوکردن، تۆنی دەنگ لەکاتی قسەکردندا، شێواز و ڕەنگی جلوبەرگ و ئەو شتانە، لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا بەشیکن لە کولتووری ئەو کۆمەڵگایە.

هەموو ئەم کۆدانە، بەجۆرێک لەجۆرەکان، ڕێککەوتنێکی دەستەجەمعی لەسەرە. بۆئەوەی بتوانین ژیانێکی ئاسایی بژین و هەمیشە نەکەوینە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاکەکانی تردا، پیویستمان بە رەچاوکردنی ئەو کۆدانە هەیە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ئەم نووسینە و ئەوانەی دوواتریش، دەربارەی کولتوور، سەرچاوەکەی کتێبی کولتوورناس و ئەنترۆپۆلۆگێکی سوێدییە بەناوی (ییللیس هێرلیتز Gillis Herlitz) کە لەساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە و لە شاری ئوپسالا دەژی لە ووڵاتی سوێد. کتێبەکە ناوی (Kultrgrammatik)ـە، واتە ڕێزمانی کولتوور.
  • دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، ویستم وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی. بەڵام لەبری ئەوە بەچاکمزانی، بە کورتی و کوردی، ئەوەی بەلامەوە گرنگە بۆ کوردێک کە زمانی سوێدی نازانێت، بەچەند بەشێک و بە ووشەی خۆم بلاوبکەمەوە.