موغاڵەتە: واتە بەڵگەهێنانەوە (argumentation)، بە جۆرێکی هەڵە. بۆنموونە: دەرهێنانی دەرەنجامی هەڵە لەسەر بنەمای ناپەیوەندیدار بە مەبەست و ناوەڕۆکی بەڵگەهێنانەوەکە. موغاڵەتە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، فێڵکردنە لە کەسی بەرامبەر لەڕێگەی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنی، بە ئەنقەست یان بەبێ ئاگایی. موغاڵەتە، پەیوەندی تووندوتؤڵی بە کۆنتێکستی (سیاق) بابەتەکەوە هەیە، واتە: بەڵگەیەک ئەکرێت لە کۆنتکستێکدا ڕەوا (valid) بێت، بەڵام هەمان بەڵگە لەکۆنتێکستی تردا ناڕەوا (invalid) بێت. بەگشتی، دابڕینی بەڵگهێنانەوە لە کۆنتێکستەکەی، خۆی بۆخۆی یەکێکە لە جۆرەکانی موغاڵەتە.
زمان، چونکە سیستەمێکی لۆجیکی، ڕەها و سەربەخۆ لە هەر کۆنتێکستێک، نییە، ناتوانرێت هەموو موغاڵەتەکان لە پاکەتێکدا (package) کۆبکرێتەوە. نووسین و لێکۆڵینەوەی زۆر لەم کایەیەدا کراوە و لەم نووسینەدا، بە هەناسەیەکی خێرا و کورت، هەوڵ ئەدەم ئاماژە بە هەندێ لە جۆرەکانی موغاڵەتە بکەم و نموونەشیان لەسەر بهێنمەوە بە مەبەستی ڕۆشنکردنەوە و ئاسان تێگەشتن.
موغاڵەتەی پەیوەند بە تاکە کەس
١. بەڵگەهێنانەوەی کەسی (argumentum ad hominem)
یان بەڵگەهێنانەوەی دژ بە کەس، جۆرێکە لە بەڵگەهێنانەوە کە هێرش دەکاتە سەر خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی تاکە کەس. بە کورتی و سادەیی، ئەم جۆرە لە بەڵگەهێنانەوە ئەم ئاوازەی هەیە: فڵانە کەس ئاوا و ئاوایە (تایبەتمەندی خراپ و هەڵە) بۆیە بەڵگەکانی قبووڵناکرێن.
ئەم جۆرە لە موغاڵەتە سێ پایەی هەیە: بوونی گفتووگۆ (debate) لە نێوان دوو لایەن یان دوو کەسدا، یەکێک لە لایەنەکان یان کەسەکان بەڵگەیەکی خستبێتە بەردەست، هەروەها کەسی بەرامبەر لە وەڵامی بەڵگەکەدا هێرشبکاتە سەر کاراکتەر و خەسڵەتەکانی بەڵگەهێنەرەوە.
ئەمجۆرە بەڵگەهێنانەوە بەگشتی سێ جۆرە: جۆری یەکەمیان ئەوەیە کە لە کەسی بەرامبەردا جۆرێک لە دژیەکی (contradiction, inconsistency, تضارب) بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە، ئەو کەسە شتێک بڵێت بەڵام خۆی بە پێچەوانەوە ڕەفتار بکات. پزیشکێک کە بە نەخۆشێک ئەڵێت: جگەرە مەکێشە، چونکە مەترسی بۆ تەندروستیت هەیە، لە کاتێکدا پزیشکەکە خۆی جگەرە ئەکێشێت. لەم حاڵەتەدا، کەسەکە بە، دووڕوو یان درۆزن تۆمەتبار ئەکرێت. جۆری دووەمیان ئەوەیە کە هێرش بکرێتە سەر پاڵنەر یان ئامانجی کەسی بەڵگەهێنەرەوە. بۆنموونە، پزیشکێک کە داوا لە نەخۆشێک ئەکات کە پشکنینێکی تایبەت بکات. نەخۆشەکەش وا وێنابکات کە پاڵنەری پزیشکەکە ئەوەیە، ئەو تاقیگەیەی پشکنینەکە ئەکات، ڕێژەیەک لە تێچووی پشکنینەکە بداتە پزیشکەکە. جۆری سێیەمیان ئەوەیە کە، ڕەخنە لە تایبەتمەندییەکی کەسەکە بگیرێت پێش دەستپێکردنی گفتووگۆکە. بۆنموونە، ڕەخنە لەوە بگیرێت کە ئەو کەسە ئەندامی پارتێکی سیاسی تایبەتە، بۆیە هەموو بەڵگەکانی، پێش ئەوەی هیچ گفتووگۆیەک دەستی پێکردبێت، بە ناڕاست ئەژمار بکرێت.
چ کاتێک بەڵگەهێنانەوە بەو شێوازانەی سەرەوە کە باسکران ئەچنە ژێر ناونیشانی موغاڵەتە، بابەتێکی تۆزێك دژوار و ئاڵۆزە. پێویستە بەڵگەکە ناپەیوەندیدار بێت بە بابەتی گفتووگۆکە یان بەڵگەهێنانەوەکەوە. لە نموونەی پزیشکە جگەرەکێشەکەدا کە ئەڵێت بە نەخۆشەکەی: جگەرە مەترسی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵگەی ئەوەی پزیشکەکە خۆی جگەرە ئەکێشێت، نابێتە بەڵگەی ئەوەی پزیشکەکە ڕاست ناکات و جگەرە مەترسی بۆ تەندروستی نییە. ئەو جۆرە لەبەڵگە ناپەیوەندیدارە بە بابەتی ئیددیعای پزیشکەکەوە. بۆ ئەوەی ناڕاستی ووتەی پزیشکەکە بسەلمێنین، پێویستە بەڵگەی ئەوە بخەینەڕوو کە جگەرە، مەترسی بۆ تەندروستی نییە.
ئەکرێت جۆرێکی دیکەی موغاڵەتە کە بە موغاڵەتەی “ئەی خۆت” (tu quoque) ئەناسرێت بچێتە خانەی هەمان ناونیشانەوە. واتە، لەبری ئەوەی بەڵگە بۆ ناڕاستی ئیددیعای بەرامبەر بهێنینەوە بڵێین: ئەی خۆت بۆچی هەمان شت ئەکەیت، کەواتە تۆ هەڵەیت.