هەنگاوی یەکەم لەوانەیە بریتیی بێت لە پاککردنەوەی زمانی رۆژانە لە مانای سوواو و دەلالەتی هەڵە، کە بەرهەمی مێژوویەکە لە گەشەی ناتەندروست. چونکە زمانی نەخۆش و ناتەندروست توانای تەعبیرکردنی نییە لە فکرو ئامانجی ڕەوا و دروست. زمانی رۆژانەی ئێمە پڕیەتی لە وشەی بارکراو بە ماناو دەلالەتی هەڵە، کە بواری ئەوەنادات تەعبیربێت لە مەبەست و ئامانجێک، کە لەبنەڕەتدا ئەبوایە هەڵگری دەلالەتێکی تایبەت بێت.
مێژوو، گەل، ئازادیی، بەرپرسیارێتیی، شەهید، سەرکردە، راپەڕین، رێزگرتن، درۆ، حەقیقەت، ئیمان، شار، دەستەڵات، …. و (هەموو وشەکانی دووتوێی فەرهەنگێک، لە بەرگی یەکەمەوە تا کۆتایی). لە مۆنۆلۆگدا (قسەکردن لەگەڵ خۆتدا) بەرئەنجامی بەهەڵە بەکارهێنانی زمان، لەوانەیە تەنیا بە زیانی تاکێک بشکێتەوە. بەڵام بۆ گفتووگۆکردن و پەیوەندی (کۆمینیکەیشن) لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەنجامەکەی لەوە باشتر نابێت، کاتێک هەوڵ ئەدەیت لە پشیلەیەک بگەیەنیت، سێ و دوو ئەکاتە پێنج. لە باروودۆخێکی ئاوادا، شتێک نییە ناوی گفتووگۆکردن بێت، چونکە کەس “هیچ” ناڵێت.
مەبەست لە پەیوەندیکردن (کۆمیونیکەیشن)، گواستنەوەی ماناو دەلالەتە لە کەسێک(مرۆڤێک)ەوە بۆ کەسێک(مرۆڤێک)ی تر. عیبرەت لە زۆر ووتن، بەکارهێنانی زۆرترین وشەدا نییە، بەڵکو، لە گەیاندنی مەبەست و دەلەلەتدایە. مرۆڤ ئەکرێت قسەی زۆربکات، ڕەچاوی هەموو یاساکانی رێزمانیش بکات، بەڵام لە ڕاستیدا “هیچ” نەڵێت. ئەکرێت فەزای گشتیی ئێمە تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت. چونکە، بە بەراوورد بە “میلەتەکانی تر”، ئێمە زۆر قسەئەکەین (میلەتێکی زۆربڵێین). بەڵام “هیچ” ناڵێین، واتە مانا ناگەیەنین. ئەگەریش مانا بگەیەنین، مانای هەڵە و دەلالەتی هەڵە ئەگەنین.
لەوانەیە ئەم پووچگەراییەی زمان و سیستەمی ئاخاوتن هەڵەی ئێمە نەبێت. بە بڕوای من، زمانەکە تووشی پەتایەک بووە. وشەکان “مانا”یان نەماوە. یان، بەلایەنی کەمەوە، دەلالەت و مانای هەڵەیان هەڵگرتووە. بۆیە سەیرنەبێت بەلاتەوە، ئەگەر من و تۆ، دوای چەند کاتژمێر لە “گفتووگۆکردن”، دونیابینیی و باوەڕەکانمان هەروەکو خۆیان وان و زۆربەی جاریش، وەک ئەوە وایە، هەر یەکتریشمان نەدواندبێت. ئەم پەتایە ناو ئەنێم “چەنەبازیی بێدەنگ”. واتە، زۆر قسەکردن و “هیچ” نەووتن. سەیرنییە، ئەم هەموو قسەکردن وژاوەژاوە، هیچمان پێناڵێت؟ یان هیچی “تازە”مان پێناڵێت؟ زمانمان تووشی دەردێکی کوشندەبووە. دەرمانەکەی لە پێناسەکردنەوەی وشەکاندایە، لە مانا بەخشینەوەدایە بە وشەکان، لە گومانکردندایە لە هەموو ئەو “مانا”یانەی هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی ئێمەوە نەماوە.
دەرئەنجام: قسەکردنی زۆر و بێدەلالەت، مێشک ماندوو ئەکات، بەڵام بیرکردنەوەمان ناورووژێنێت. دەست بە وشەکانتانەوە بگرن و تەنیا بۆ گەیاندنی مەبەستێک، یان ئامانجێک بەکاریان بێنن.