جیاوازی نێوان ئاڵۆز Complicated و “ئاڵۆز” Complex

لە زۆر کایەی زانستیدا جیاوازیی ئەکرێت لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا. ئەڵبەتە لەزمانی ڕۆژانەدا ئەم دووانە وەک هاوواتا بەکاردێن. جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمکە بابەتێکی گرنگمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە، یان کارئاسانیمان بۆ ئەکات بۆ تێگەشتنێکی باشتر لەزۆرێک دیاردە و بابەت.

Complicated

مەبەست لەم جۆرە لە ئالۆزی، گرانی ڕاپەراندن یان چارەسەرکردنی کارێک یان کێشەیەکە. هۆکاری ئەم جۆرە لە ئاڵۆزی کەموکورتیە لە توانا و شارەزایی کەسی بکەردا. واتە ئەو کەسەی ئەیەوێت کارێکی دژوار بکات، یان کێشەیەکی ئاڵۆز چارەسەربکات، شارەزایی یان توانای پێویستی نییە. کەموکورتییەکە ئەکرێت زانیاری پێویست بێت، یان هێزی بازوو بێت. بۆ نموونە، من ناتوانم کێشی دووسەد کیلۆ لە سەر زەوی بەزبکەمەوە، واتە کارێکی دژوارە بۆ من. من ناتوانم بە زمانی چینی قسەبکەم، واتە کاریکی ئاڵۆزە بۆ من. بەڵام کەسێکی لەمن بەبازووتر ئەتوانێت دووسەد کیلۆکە لەسەر زەوی بەرزبکاتەوە، واتە کارێکی دژوار نییە بۆ ئەو. ملیۆنان کەسی تر ئەتوانن بەزمانی چینی قسەبکەن، واتە کاریکی ئاڵۆز نیە بۆ ئەوان.

لەم بارودۆخەدا هەموو پرسیاریک یەک وەڵامی ڕاستی ڕەهای هەیە و هەموو وەڵامەکانی تر هەڵەن.

Complex

هۆکاری ئاڵۆزی ئەم جۆرەیان پەیوەندی بە ئاڵۆزیی خودی بابەتەکەوە یان کارەکەوە هەیە، نەوەک توانا و شارەزایی کەسی بکەر. هەرچەندە ئەمجۆرەش لە ئاڵۆزی “مەستەحیل” نییە، بەڵام کارەکە هەرکەسێک بیکات، هێشتا هەر دژوارە. هۆکاری ئەم جۆرە لە ئاڵۆزی زۆرجار پەیوەستە بە فرەڕەهەندیەوە، یان هەبوونی چارەسەری جیاواز لەهەمانکاتدا. گرفت و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆربەی زۆریان لەمجۆرەن. بۆنموونە، لەکایەی ئابووریدا، پەیوەندیەکی پێچەوانە هەیە لەنێوان، بێکاری و هەڵئاوسانی داراییدا (ئەمە بە بۆچوونی ئابووریناسی نیوزلەندی بیڵ فیلیپس، کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بە مۆدێلێکی پەسەند دادەنرا). راگرتنی تەرازووی نیوان بێکاریی و هەلئاواسانی دارایی بەم تیگەشتنە کێشەیەکی ئاڵۆزە. هەڵئاوسانی دارایی مەترسییەکی گەورەی ئابوورییە کە زیانی زۆر بە ئارامی بازاڕ و گەشەکردنی ئابووری ئەگەیەنێت، لەکاتێکدا بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاریش مەترسییەکی گەورەی ئابوورییە کە ڕیگە لە گەشەکردنی ئابووری ئەگرێت و ئەکرێت کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیش دروستبکات.

لەم بارودۆخەدا چەند وەڵامێکی ڕاست هەن و ڕاست و دروستی وەڵامەکان پەیوەندی بە بارودۆخ و ڕەهەندی جیاوازەوە هەیە. بۆیە ناتوانی وەڵامیکی ڕەها دەستنیشان بکەین کە لەهەموو بارودۆخێکدا ڕاست بێت. کایەی سیاسی یەکێکە لەو کایانەی کەهەمیشە مامەڵە لەگەڵ کێشەی ئاڵۆز لە جۆری دووەمیان دەکات. بۆیە پارتی سیاسی و ئایدۆلۆژیای جیاواز چارەسەری جیاوازیان هەیە بۆ هەمان كێشەی سیاسی، چونکە لە گۆشەنیگا و ڕەهەندی جیاوازەوە بۆ چارەسەر ئەگەڕێن، یان “ئەولەویەت” ی جیاوازیان هەیە.

بەگشتی ژیان پڕە لە جۆری دووەمی یاڵۆزی. پرسیار و کێشەی ئاڵۆز و دژوار لەم حاڵەتەدا، بە وەڵام و چارەسەری سادە و تاکڕەهەند وەڵام نادرێتەوە و پینە ناکرێت. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە جیاوازییە هەرە دیارەکانی مرۆڤی وشیار و ژیر لە بەرامبەر مرۆڤی سادە و ساویلکەدا. وەڵامی زانست بۆ پرسیارە دژوار و ئاڵۆزەکانی مرۆڤ هەمیشە دژوار و ئاڵۆزن، زۆرجاران زیاتر لە خودی پرسیارەکان.

سوپاس

بیرۆکەی ئەم بڵاگە لە پێشنیاری هاوڕێیەکی خۆشەویستەوە هات. كاک لایق، هاوڕێی مناڵیمە و، کەسێکی زۆر تێگەشتوو، بەتوانا و زانستخوازە. جگە لەوانەش، خەمخۆرێکی بەپەرۆشی بڵاوکردنەوەی ووشیارییە بە زمانی کوردی. وا دیارە کاک لایق باسی ئەم بڵاگەی منی کردووە بۆ بەڕێز کاک سیا نەریمان، کە کەسێکی زۆر ژیر و تێگەشتووە و، زۆر چالاکانە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی زانیاری و مەعریفەتە بە زمانیێکی کوردی پوخت و پاراو، لەڕێگەی پۆدکاست و ڤیدیۆ لە کەناڵەکەی لە یوتیوب. هەرچەندە لە نزیکەوە یەکتر ناناسین، من زۆر چێژم لە کارەکانی بردووە. لە تۆمارێکیدا کە دەربارەی ئەوەی زانست چی نازانێت، بڵاگەکەی من ئەناسێنێت.

خەڵکێکی زۆر خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیاری یان بیروبۆچونی خۆیانن (هەنێجار هی خۆیان نییە). لە پلاتفۆرمی جیاوازەوە، بەدەنگ و ڕەنگ ونووسین. ئەمانە زۆرجار مەبەستی جیایان هەیە. هەیانە خزمەتی خێڵێک ، گروپێکی سیاسی یان ئاین و ئایدۆلۆژیایەک ئەکات. هەشیانە مەبەستی ئابووری هەیە و دەرامەتێکی دەست ئەکەوێت، یان بەهیوایە دەستی بکەوێت.

بەشیكی کەم لەو کەسانە، مەبەستیانە ووشیاری خوێنەر و بینەرەکانیان بەرز بکەنەوە، یان بەرچاوڕوونتریان بکەن و لە راستییان نزیکتر بکەنەوە. ئەمانە، هیچ مەبەستێکی تایبەتیان بۆ خزمەتکردنی خۆیان، یان گروپێکی تایبەت نییە. بەڵکو ئەم کارەیان بە ئەرکی سەرشانیان ئەزانن، خۆیان بە بەرپرس ئەزانن لەوەی بەو کارە هەڵسن. ئارەزوویەکی ڕەسەنیان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستیی و ووشیارکردنەوەی دەوروبەرەکەیان، بەبێ گوێدانە ئەوەی دەستکەوتێکیان پێبگات. چاویان لەوە نییە، کەسێک سوپاس و دەستخۆشیان بکات، پاداشتێکیان پێببەخشیت. ژیان بەمجۆرە کەسانەوە جوانە و شایانی ئەوەیە بەردەوامبێت.

کاک لایق و کاک سیا لەمجۆرەی دووەمیانن. سوپاس بۆ ئێوە و هەر بمێنن.

موغاڵەتە (Fallacy) -٢-

تێبینی:

١. لەبەرئەوەی سەرچاوەی کوردیم لەم بوارەدا نەخوێندووەتەوە، لەوانەیە هەندێ لەو چەمکانەی بەکاری ئەهێنم، تەواو لەجێگەی خۆیدا نەبێت. ئەگەر چەمکێک یان ووشەیەکم بە هەڵە بەکارهێنابوو یان دەربڕی ئەو مەبەستەکەی من نەبوو، داوای لێبووردن ئەکەم.

٢. من ووشەی موغاڵەتەم لە زمانی عەرەبی وەرگرتووە کە لەوانەیە ئاشنا یێت بە تێگەشتنی زۆربەمان. مەبەستیشم موغاڵەتەی لۆجیکییە، کە لە بواری بەلگەهێنانەوە (Argumentation, استدلال) و گفتووگۆدا ڕووئەدات.


٢. موغاڵەتەی “داهۆڵ” (Straw Man, رجل القش)

لەم جۆرەیاندا، کەسی بەرامبەر، لەبری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەڵگەی پێشکەشکراودا، گێڕانەوەی بەرامبەرەکەی ئەشێوێنێت و بە جۆرێکی تر، کە لەناوەڕۆکدا زۆر جیاوازە لە ئیددیعای یەکەم و لە فۆرمدا نزیکە لەوەوە، ئەگێڕێتەوە. پاشان هێرش ئەکاتە سەر ئەو گێڕانەوە هەڵە و شێوێنراوەی خۆی دروستیکردووە.

بۆنموونە: کەسێک ئەڵێت: لە مێژووی مرۆڤدا، ژن زۆرجار بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆوە دووچاری چەوساندنەوە بووەتەوە. بۆیە پێویستە بوار بڕەخسێنرێت بۆ ژن، تاکو کاربکات و ببێتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی خۆی. کەسی بەرامبەر، بۆ دەربازبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکە، ئەڵێت: تۆ ئەڵێی، ژن کاربکات و ببێتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی و دەسەڵاتی ئابووری، تاکو بەو هۆیەوە پیاو بچەوسێنێتەوە. ئەمەی تۆ ئەیڵێت، فەوزا و بەڕەڵایی دروست ئەکات و شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا ئەشێوێنێت. ئەمە لەکاتێکدا، هەرگیز مەبەستی کەسی یەکەم نەبووە.

ئەمجۆرە لە موغاڵەتە، لەوانەیە، بەربڵاوترین جۆریان بێت. زۆربەیجار، لە گفتووگۆی ڕاستەوخۆی کەناڵەکانی میدیادا بەرچاو ئەکەون. بەڵام کێشەی کەسی سێیەم لەوەدایە، ئەگەر زانیاری لەسەر گێڕانەوە ئەسڵییەکە نەبێت، ناتوانێت دەستنیشانی موغاڵەتەکە بکات. نموونەی ئەم مەترسیە: کاتێک ووتارێکی ڕۆژنامەیەک کە وەڵامی نووسینێکی پێشترە، وا بەڵگەو گێڕانەوەکانی   نووسینەکەی پێشتر ئەگێڕێتەوە، مرۆڤ بەناچاری ئەچێتە ژێر کاریگەریی ڕەخنەکانەوەو، و زۆربەیجاریش، ئەگاتە هەمان دەرەنجامی ڕخنەگرەکە. ئەمە لەکاتێکدا، ئەگەر، نووسینەکەی یەکەم وەک خۆی پێشان بدرێت، کەسی سێیەم لەوانەیە بگاتە دەرەنجامێکی جیاواز.

٣. پەنابردنە بەر بڕوای زۆرینە “جەماورپەسەندی” (Argumentum ad populum)

ئەمجۆرەیان بەکورتی لەم ئاوازەی هەیە: لەبەرئەوەی هەزاران کەس باوەڕیان وایە “شتێک” ڕاستە، کەواتە ئەو “شت”ـە ڕاستە.  ئەمە بەو مانایە نایەت، کە هەر باوەڕ و بۆچونێک کە زۆرینە لەگەڵیدابن، ڕاست نییە. پێویستە خاڵی سەرنج لەسەر هۆکاری باوەڕەکەبێت، واتە، بۆچی زۆرینە لەسەر ئەو بڕوایەن. بۆنموونە: زۆرینەی خەڵک باوەڕیان وایە کە زەوی خڕە. ئەم بڕوایە پشت بەستووە بە چەندەها لێکۆڵینەوە و بەڵگەی زانستی. بەڵام کاتێک، کۆمپانییایەک ئیددیعای ئەوە ئەکات، کە بەرهەمەکانی باشترینن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵک، لەبەرهەمەکانی ئەو کۆمپانییایە ئەکڕن. ڕەنگە، هۆکاری پڕفرۆشی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانییایە، بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکلامانەی ئەو کۆمپانییایە ئەیکات، بەجۆرێک شارەزایانە و چروپڕ ئەکرێت، خەڵک زۆرتر بەرهەمەکانی ئەوان ئەکڕن.

ئەو کەسەی کە بەمجۆرە بەڵگە ئەهێنێتەوە، هەوڵ ئەدات لەم ڕێگایەوە، ئەرکی بەڵگەهێنانەوە لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و بە بەرامبەرەکەی بڵێت، ئەوەی من ئەیڵێم ڕاستییە و تۆش پێویستە، بەبەڵگە پێچەوانەی بۆچوونەکەی من بسەلمێنیت. ئەمە لە کاتێکدا ئەو هیچ ڕاستییەکی نەسەلماندووە، تەنیا پشتی بە ڕای زۆرینە بەستووە.

٤. ئیعتیباری ساختە (False authority)

ئەمجۆرە لە موغاڵەتە پشت بە پسپۆڕی ساختە یان ناپەیوەندیدار ئەبەستێت. واتە، بۆچوونی کەسێک، بەو بیانووەی کە پسپۆڕی هەیە لەبوارێکدا، ئەکرێتە بەڵگەی ڕاستی هەر بۆچونێک کە بدرێتە پاڵ ئەو کەسە.

پرۆفیسۆر فڵان ئەڵێت: گورچیلەی بزن ئەتوانرێت لە ناو جەستەی مرۆڤدا، بەهەمان شێوەی گورچیلەی مرۆڤ، کاربکات. بۆچوونی فڵان پرۆفیسۆر نابێتە بەڵگە، ئەگەر بواری پسپۆڕییەکەی لە زانستی پزیشکیدا نەبێت، یان زیاتریش بڕۆین، پێویستە لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕیی لە گورچیلەی مرۆڤدا بێت. هەرچەندە، لەبەرئەوەی بۆچوونی ئەم پڕۆفیسۆرە، زانیارییەکی بەربڵاو نییە، مرۆڤ  ئەوکاتە ناتوانێت، بەبێ گومانکردن، ئەم بۆچوونە پەسەندبکات. کێشەکە لەوەدایە، ئەو پڕۆفیسۆرە، پسپۆڕییەکەی بواری ئابووری بێت. ئەوکاتە، هیچ ئیعتیبارێک بۆ پایە زانستی و ئەکادیمیەکەی دانانرێت لەبواری گفتووگۆکەدا، یان پەیوەست بە بابەتەکەوە.

واتە، پسپۆڕبوون لەبوارێکدا، مافی حەسانە نابەخشێت لە هەڵەبوون.  بۆیە گرنگە، پرسیاری ئەوە بوورووژێنرێت، ئایا ئەو پسپۆڕە دەربارەی بواری پسپۆڕییەکەی خۆی دواوە؟ ئایا بۆچوونەکەی پێچەوانەی بۆچوونی پسپۆڕەکانی تری ئەو بوارە نییە؟ ئایا بەڵگەی پێویستی بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی خستووەتە ڕوو؟

 

موغاڵەتە (Fallacy)

موغاڵەتە: واتە بەڵگەهێنانەوە (argumentation)، بە جۆرێکی هەڵە. بۆنموونە: دەرهێنانی دەرەنجامی هەڵە لەسەر بنەمای ناپەیوەندیدار بە مەبەست و ناوەڕۆکی بەڵگەهێنانەوەکە. موغاڵەتە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، فێڵکردنە لە کەسی بەرامبەر لەڕێگەی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنی، بە ئەنقەست یان بەبێ ئاگایی. موغاڵەتە، پەیوەندی تووندوتؤڵی بە کۆنتێکستی (سیاق) بابەتەکەوە هەیە، واتە: بەڵگەیەک ئەکرێت لە کۆنتکستێکدا ڕەوا (valid) بێت، بەڵام هەمان بەڵگە لەکۆنتێکستی تردا ناڕەوا (invalid) بێت. بەگشتی، دابڕینی بەڵگهێنانەوە لە کۆنتێکستەکەی، خۆی بۆخۆی یەکێکە لە جۆرەکانی موغاڵەتە.

زمان، چونکە سیستەمێکی لۆجیکی، ڕەها و سەربەخۆ لە هەر کۆنتێکستێک، نییە، ناتوانرێت هەموو موغاڵەتەکان لە پاکەتێکدا (package) کۆبکرێتەوە. نووسین و لێکۆڵینەوەی زۆر لەم کایەیەدا کراوە و لەم نووسینەدا، بە هەناسەیەکی خێرا و کورت، هەوڵ ئەدەم ئاماژە بە هەندێ لە جۆرەکانی موغاڵەتە بکەم و نموونەشیان لەسەر بهێنمەوە بە مەبەستی ڕۆشنکردنەوە و ئاسان تێگەشتن.

موغاڵەتەی پەیوەند بە تاکە کەس

 

١. بەڵگەهێنانەوەی کەسی (argumentum ad hominem)

یان بەڵگەهێنانەوەی دژ بە کەس، جۆرێکە لە بەڵگەهێنانەوە کە هێرش دەکاتە سەر خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی تاکە کەس. بە کورتی و سادەیی، ئەم جۆرە لە بەڵگەهێنانەوە ئەم ئاوازەی هەیە: فڵانە کەس ئاوا و ئاوایە (تایبەتمەندی خراپ و هەڵە) بۆیە بەڵگەکانی قبووڵناکرێن.

ئەم جۆرە لە موغاڵەتە سێ پایەی هەیە: بوونی گفتووگۆ (debate) لە نێوان دوو لایەن یان دوو کەسدا، یەکێک لە لایەنەکان یان کەسەکان بەڵگەیەکی خستبێتە بەردەست، هەروەها کەسی بەرامبەر لە وەڵامی بەڵگەکەدا هێرشبکاتە سەر کاراکتەر و خەسڵەتەکانی بەڵگەهێنەرەوە.

ئەمجۆرە بەڵگەهێنانەوە بەگشتی سێ جۆرە: جۆری یەکەمیان ئەوەیە کە لە کەسی بەرامبەردا جۆرێک لە دژیەکی (contradiction, inconsistency, تضارب) بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە، ئەو کەسە شتێک بڵێت بەڵام خۆی بە پێچەوانەوە ڕەفتار بکات. پزیشکێک کە بە نەخۆشێک ئەڵێت: جگەرە مەکێشە، چونکە مەترسی بۆ تەندروستیت هەیە، لە کاتێکدا پزیشکەکە خۆی جگەرە ئەکێشێت. لەم حاڵەتەدا، کەسەکە بە، دووڕوو یان درۆزن تۆمەتبار ئەکرێت. جۆری دووەمیان ئەوەیە کە هێرش بکرێتە سەر پاڵنەر یان ئامانجی کەسی بەڵگەهێنەرەوە. بۆنموونە، پزیشکێک کە داوا لە نەخۆشێک ئەکات کە پشکنینێکی تایبەت بکات. نەخۆشەکەش وا وێنابکات کە پاڵنەری پزیشکەکە ئەوەیە، ئەو تاقیگەیەی پشکنینەکە ئەکات، ڕێژەیەک لە تێچووی پشکنینەکە بداتە پزیشکەکە. جۆری سێیەمیان ئەوەیە کە، ڕەخنە لە تایبەتمەندییەکی کەسەکە بگیرێت پێش دەستپێکردنی گفتووگۆکە. بۆنموونە، ڕەخنە لەوە بگیرێت کە ئەو کەسە ئەندامی پارتێکی سیاسی تایبەتە، بۆیە هەموو بەڵگەکانی، پێش ئەوەی هیچ گفتووگۆیەک دەستی پێکردبێت، بە ناڕاست ئەژمار بکرێت.

چ کاتێک بەڵگەهێنانەوە بەو شێوازانەی سەرەوە کە باسکران ئەچنە ژێر ناونیشانی موغاڵەتە، بابەتێکی تۆزێك دژوار و ئاڵۆزە. پێویستە بەڵگەکە ناپەیوەندیدار بێت بە بابەتی گفتووگۆکە یان بەڵگەهێنانەوەکەوە. لە نموونەی پزیشکە جگەرەکێشەکەدا کە ئەڵێت بە نەخۆشەکەی: جگەرە مەترسی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵگەی ئەوەی پزیشکەکە خۆی جگەرە ئەکێشێت، نابێتە بەڵگەی ئەوەی پزیشکەکە ڕاست ناکات و جگەرە مەترسی بۆ تەندروستی نییە. ئەو جۆرە لەبەڵگە ناپەیوەندیدارە بە بابەتی ئیددیعای پزیشکەکەوە. بۆ ئەوەی ناڕاستی ووتەی پزیشکەکە بسەلمێنین، پێویستە بەڵگەی ئەوە بخەینەڕوو کە جگەرە، مەترسی بۆ تەندروستی نییە.

ئەکرێت جۆرێکی دیکەی موغاڵەتە کە بە موغاڵەتەی “ئەی خۆت” (tu quoque) ئەناسرێت بچێتە خانەی هەمان ناونیشانەوە. واتە، لەبری ئەوەی بەڵگە بۆ ناڕاستی ئیددیعای بەرامبەر بهێنینەوە بڵێین: ئەی خۆت بۆچی هەمان شت ئەکەیت، کەواتە تۆ هەڵەیت.

داهێنان!

سویدییەکان قسەیەکیان هەیە ئەڵێت: Vi behöver inte uppfinna hjulet på nytt. واتە پێویست ناکات دووبارە تایە دابهێنینەوە.
مەبەستەکە ئەوەیە: زانین و مەعریفەی مرۆڤ، لەسەر دەستکەوتەکانی پێشخۆی بونیات ئەنرێت. واتە، پێویست ناکات بۆ هەر بابەتێک ئێمە لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە، بەڵکو لەوێوە دەستپێئەکەین کە ئەوانەی پێش خۆمان پێیگەشتوون.
نموونە: بڕۆیت دەبەیەکی کۆلا ببڕیت و بڵێیت، من ڕەحەتییم داهێناوە. ئەمە لەکاتێکا کە ڕەحەتییەکت دەستناکەوێت و ناچاریت دەبەیەکی کۆلا ببڕیت و کارەکەی خۆتی پێڕایی بکەیت، شتێکی ئاساییە. بەڵام بێیت و بیکەیت بە هەڵڵا و بڵێیت: من داهێنانێکی تازەم بۆ ژیانی مرۆڤ زیادکردووە، جگە لە ئیدیعایەکی خۆخەڵەتێنەر و گەمژانە، هیچی تر نییە.
ئێستا ئەگەر بمەوێت نموونە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانا بهێنمەوە، سەرئێشەیەکی زۆر دروست ئەبێت، چونکە نموونەکان ئەوەنە زۆرن، هەر تەواو نابن. ئەوەی لێرەیا گرنگە ئەوەیە، ئەم قسەیە بۆ مەعریفەی تیۆریش هەر هەمان بابەتە. واتە تۆ بێیت و، بۆ نموونە، لەسەر بابەتێکی وەکو “حوکمڕانی”، بەو بڕوایەوە کە هیچ مرۆڤێک پێش تۆ، باسی ئەو بابەتەی نەکردووە. یان دەربارەی تێگەشتن و خوێندنەوەی هەر دیاردەیەکی/بابەتێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری یان فەلسەفی، دەستبکەیت بە ڕێسان، هەر هەمان تاس و حەمامە. دەستکردن بە گیرفانا و قسەی بۆش و بێبنەما کردن، ئەچێتە خانەی خۆخەڵەتاندنەوە. لەبری ئەوە، بڕۆ بزانە، پێش تۆ، خەڵک چی لەسەر ئەو بابەتە وتووە، تۆ لەدوای ئەوانەوە دەستپێبکە. ئەمە کرۆکی کار و پێشەی ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانە. ئەگەریش ووڕێنە ئەکەیت و باسی زانستیی بوون و ئەکادیمیی بوون لەئارادا نییە، ئەوە هەر بۆخۆت بیڕێسە، بەڵام ڕاستگۆبە بڵێ: من بۆخۆم ئەڕاوێنم، ئێوەش کاتی خۆتان بە منەوە مەکوژن.

دەربارەی زمان

هەنگاوی یەکەم لەوانەیە بریتیی بێت لە پاککردنەوەی زمانی رۆژانە لە مانای سوواو و دەلالەتی هەڵە، کە بەرهەمی مێژوویەکە لە گەشەی ناتەندروست. چونکە زمانی نەخۆش و ناتەندروست توانای تەعبیرکردنی نییە لە فکرو ئامانجی ڕەوا و دروست. زمانی رۆژانەی ئێمە پڕیەتی لە وشەی بارکراو بە ماناو دەلالەتی هەڵە، کە بواری ئەوەنادات تەعبیربێت لە مەبەست و ئامانجێک، کە لەبنەڕەتدا ئەبوایە هەڵگری دەلالەتێکی تایبەت بێت.

مێژوو، گەل، ئازادیی، بەرپرسیارێتیی، شەهید، سەرکردە، راپەڕین، رێزگرتن، درۆ، حەقیقەت، ئیمان، شار، دەستەڵات، …. و (هەموو وشەکانی دووتوێی فەرهەنگێک، لە بەرگی یەکەمەوە تا کۆتایی). لە مۆنۆلۆگدا (قسەکردن لەگەڵ خۆتدا) بەرئەنجامی بەهەڵە بەکارهێنانی زمان، لەوانەیە تەنیا بە زیانی تاکێک بشکێتەوە. بەڵام بۆ گفتووگۆکردن و پەیوەندی (کۆمینیکەیشن) لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەنجامەکەی لەوە باشتر نابێت، کاتێک هەوڵ ئەدەیت لە پشیلەیەک بگەیەنیت، سێ و دوو ئەکاتە پێنج. لە باروودۆخێکی ئاوادا، شتێک نییە ناوی گفتووگۆکردن بێت، چونکە کەس “هیچ” ناڵێت.

مەبەست لە پەیوەندیکردن (کۆمیونیکەیشن)، گواستنەوەی ماناو دەلالەتە لە کەسێک(مرۆڤێک)ەوە بۆ کەسێک(مرۆڤێک)ی تر. عیبرەت لە زۆر ووتن، بەکارهێنانی زۆرترین وشەدا نییە، بەڵکو، لە گەیاندنی مەبەست و دەلەلەتدایە. مرۆڤ ئەکرێت قسەی زۆربکات، ڕەچاوی هەموو یاساکانی رێزمانیش بکات، بەڵام لە ڕاستیدا “هیچ” نەڵێت. ئەکرێت فەزای گشتیی ئێمە تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت. چونکە، بە بەراوورد بە “میلەتەکانی تر”، ئێمە زۆر قسەئەکەین (میلەتێکی زۆربڵێین). بەڵام “هیچ” ناڵێین، واتە مانا ناگەیەنین. ئەگەریش مانا بگەیەنین، مانای هەڵە و دەلالەتی هەڵە ئەگەنین.

لەوانەیە ئەم پووچگەراییەی زمان و سیستەمی ئاخاوتن هەڵەی ئێمە نەبێت. بە بڕوای من، زمانەکە تووشی پەتایەک بووە. وشەکان “مانا”یان نەماوە. یان، بەلایەنی کەمەوە، دەلالەت و مانای هەڵەیان هەڵگرتووە. بۆیە سەیرنەبێت بەلاتەوە، ئەگەر من و تۆ، دوای چەند کاتژمێر لە “گفتووگۆکردن”، دونیابینیی و باوەڕەکانمان هەروەکو خۆیان وان و زۆربەی جاریش، وەک ئەوە وایە، هەر یەکتریشمان نەدواندبێت. ئەم پەتایە ناو ئەنێم “چەنەبازیی بێدەنگ”. واتە، زۆر قسەکردن و “هیچ” نەووتن. سەیرنییە، ئەم هەموو قسەکردن وژاوەژاوە، هیچمان پێناڵێت؟ یان هیچی “تازە”مان پێناڵێت؟ زمانمان تووشی دەردێکی کوشندەبووە. دەرمانەکەی لە پێناسەکردنەوەی وشەکاندایە، لە مانا بەخشینەوەدایە بە وشەکان، لە گومانکردندایە لە هەموو ئەو “مانا”یانەی هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی ئێمەوە نەماوە.

دەرئەنجام: قسەکردنی زۆر و بێدەلالەت، مێشک ماندوو ئەکات، بەڵام بیرکردنەوەمان ناورووژێنێت. دەست بە وشەکانتانەوە بگرن و تەنیا بۆ گەیاندنی مەبەستێک، یان ئامانجێک بەکاریان بێنن.

کولتوورناسی ـ 2

لە زمانی ئاخاوتن و نووسیندا، ئێمە ووشە و دەربڕینەکانمان لە چوارچێوە و ڕیزبەندییەکی وادا بەکارئەهێنین، تاکو ئەو مانایە ببەخشێت کە ئێمە ئەمانەوێت. بەم ڕێکخستن و ڕیزبەندییە ئەڵێین (ڕێزمان = grammar). ئێمە کاتێک کە بەزمانی دایک ئەدوێین، کات بۆ ڕێکخستنی ووشەکان و دۆزینەوەی شوێنی ڕاست بۆ فرمان (فعل)ـەکان تەرخان ناکەین. دانامێنین بەدەست ئەوەی ئایا دۆخی ڕابردووی تەواو بەکاربێنین یان ڕابردووی دوور، بەڵکو بە شێوەیەکی سروشتی و بەبێ فشارهێنان بۆ بیرکەدنەوەمان، لەشوێنی ڕاستدا بەکاریان ئەهێنین. ئەم دۆخە بۆ زمانێکی بێگانە، کە تازە فێری ئەبین هەروا ئاسان نییە. واتە فێربوونی ڕێزمانی زمانە بێگانەکەمان پێویستە، تاکو بتوانین بە دروستی بدوێین.

بە هەمان شێوە، ئەتوانین باس لە (ڕێزمانی کولتوور)یش بکەین. ڕێزمانێک بۆ بەها، یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، سیمبۆڵ و ڕەفتارەکان. ئەو ڕێزمانەش پێویستە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە دروستیی پەیامی بەرامبەرەکەی دەرک بکات. وەک چۆن ئەگەر زمانێکی بێگانە نەزانین، ناتوانین تێیبگەین، هەرئاواش، نەزانینی ڕێزمانی کولتتورێک وامان لێئەکات، پەیامەکە بۆ کولتووری خۆمان وەرگێڕین بۆ ئەوەی دەرکی بکەین، ئەگینا لێیتیناگەین. ئەمە زۆرجار تووشی بە هەڵەتێگەشتنمان ئەکات. ڕێزمانی کولتووری بریتیە لە (چوونیەکییەکی گشتی).واتە ڕێککەوتن و خوویەکی دەستەجەمعی، کە تاکەکانی کۆمەڵگایەکی دیارییکراو لەسەری کۆکن. ئەتوانین بڵێین، ڕەفتارێک لە کولتوورێکی دیاریکراودا بەوجۆرەش نامەنتیقی و ناقۆڵا نییە، ئەگەر بە ڕێزمانی هەمان کولتوور لێکیبدەینەوە.

نموونە: لەیەکێک لە سەنتەرەکانی وەرگرتنی پەنابەران لە ووڵاتێکی سکەندیناڤی، کارمەندەکە لەکوڕێک، پەناخوازێکی عەرەبی ئێراقی ئەپرسێت: منداڵت هەیە؟ ئەویش ئەڵێت: ژنم نەهێناوە. کارمەندەکە بەسەرسوڕمانەوە ئەپرسێت: ئەی منداڵت هەیە؟ پەناخوازەکەش بە دڵنییاییەوە وەڵام ئەداتەوە: ئەڵێم ژنم نەهێناوە. هیچکامیان لەوەیتریان تێناگات.

لە کولتووری پەناخوازەکەدا، پیاوێک ئەگەر ژنی نەهێنابێت، بەبێ ڕونکردنەوەی زیاتر، بەو مانایە دێت، کە منداڵیشی نییە. بەڵام ئەمە بۆ کارمەندەکە، کە خاوەنی کولتوورێکە، پیاوێک ئەکرێت باوک بێت و منداڵی هەبێت بێئەوەی پێویست بکات ژنی هێنابێت، (ژنم نەهێناوە) وەڵامی ئەو پرسیارەی تیانییە، ئایا منداڵی هەیە یان نا. کارمەند و پەناخوازەکە بە ڕێزمانی دوو کولتووری جیاواز ئەدوێن، بۆیە لەیەکتر تێناگەن.

بۆ ئەوەی بتوانین لەناو کولتوورێکی بێگانەدا، بە دروستی بدوێین و دەربڕین و ڕەفتارەکانمان بەهەڵە لێکنەدرێنەوە، پێویستمان بەوە هەیە، سەد لە سەد لە ڕێزمانی ئەو کولتوورە بێگانە شارەزابین. ئەمەش ئەرکێکی فرەئاسان نییە، ئەگەر نەڵێین ئەستەمە. بۆ ئەم کارە، پێویستمان بە ئارەزوویەکی سروشتی و راستەقینە هەیە بۆ تێگەشتن، کە زۆرجارتەنها بەشی تێگەشتن لە “بەشێک” لە کولتوورە بێگانەکە ئەکات. تێگەشتن لەوەی هەر کولتوورێک ڕێزمانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، هەنگاوی یەکەمە بۆ تێگەشتن. ئەمە بێجگە لەوەی، باوەڕبوون بەوەی کە هیچ ڕێزمانێک لەویتر ڕاستتر، باڵاتر، یان چاکتر نییە، ئەو ئاسۆیەت بۆ ئەکاتەوە کە لە کولتوورەکانی تر تێبگەیت.

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکان، کە وائەکات فێربوونی ڕێزمانی کولتوورێکی بێگانە هێندە دژواربێت ئەوەبێت، ڕێزمانی کولتوور وەک ڕیزمانی زمانی ئاخاوتن و نووسین نەنووسرابێتەوە لە دووتوێی کتێبەکاندا. بۆ فیربوونیشی وەڵامی شیکارییکراومان بەهەمان ئاسانیی دەستناکەوێت.

کولتوورناسی ـ 1

سەدان جۆر پێناسە بۆ “کولتوور” هەیە. بەڵام پێناسەیەکی مامناوەند ئەکرێت بریتیی بێت لە (شێوەژیانی دەستەجەمعی). واتە تاکەکانی سەر به کلتوورێک، تا ئەندازەیەکی بەرچاو، بە هەمان شێوە ڕەفتار ئەکەن لە هەرکوێیەکی دونیا بن. بە مانایەکی تر، خاوەنی هەمان جیهانبینین. تێگەشتنیان بۆ شتەکان، چۆنە و پێویستە چۆن بێت، زۆر لەیەکترەوە نزیکە، تا ئەوئەندازەیەی کە بووترێت، یەکجۆر جیهانبینییان هەیە. لێرەدا، .مەبەست هەڵسوکەوت و ڕەفتارە ڕۆژانەییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەوە کولتوورە رەفتارێکی “ئاسایی” لە ڕەفتارێکی “نەشاز = شاذ” جیائەکاتەوە

بۆنموونە: کاتێک کەسێکی بەتەمەن سواری پاسیک ئەبێت، لە کاتێکدا هیچ کورسییەک خاڵی نییە، کوڕێکی گەنجی تەمەن بیست ساڵ جێگاکەی خۆی بۆ کەسە بەتەمەنەکە چۆڵ ئەکات تاکو دانیشێت. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، گەنجەکە سەرپێچی کۆدێکی کولتووریی کردووە، و دوور نییە لەبەرچاوی ئەوانی تر، کە بەتەمەن لەو گەورەترن، بەچاوێکی نزمیش سەیربکرێت. لە هیچ شوێنێک نەنووسراوە، جیاوازی تەمەنەکان پێویستە چەندبێت، تاکو کەسی یەکەم شوێنەکەی خۆی چۆڵ نەکات و ئاساییش بێت. ئەوە کولتوورە ئەو سنوورە دیاریئەکات.

هەموو ئەو ڕەفتارانەی، لەلایەن ئەوانیترەوە چاوەڕێ ئەکرێت لە کەسێک ئەنجامی بدات لە هەر بارودۆخێکدا، کولتوور سنوورەکانی ئەکێشێت. ئەمە ناو ئەنێین “کۆد”. واتە کولتوور بریتییە لەو کۆدانەی تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک، کە کولتوورێکی هاوبەشیان هەیە، ڕەچاوی ئەکەن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەشتنیاندا (لە چوارچێوەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا). شێوازی سڵاوکردن، تۆنی دەنگ لەکاتی قسەکردندا، شێواز و ڕەنگی جلوبەرگ و ئەو شتانە، لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا بەشیکن لە کولتووری ئەو کۆمەڵگایە.

هەموو ئەم کۆدانە، بەجۆرێک لەجۆرەکان، ڕێککەوتنێکی دەستەجەمعی لەسەرە. بۆئەوەی بتوانین ژیانێکی ئاسایی بژین و هەمیشە نەکەوینە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاکەکانی تردا، پیویستمان بە رەچاوکردنی ئەو کۆدانە هەیە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ئەم نووسینە و ئەوانەی دوواتریش، دەربارەی کولتوور، سەرچاوەکەی کتێبی کولتوورناس و ئەنترۆپۆلۆگێکی سوێدییە بەناوی (ییللیس هێرلیتز Gillis Herlitz) کە لەساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە و لە شاری ئوپسالا دەژی لە ووڵاتی سوێد. کتێبەکە ناوی (Kultrgrammatik)ـە، واتە ڕێزمانی کولتوور.
  • دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، ویستم وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی. بەڵام لەبری ئەوە بەچاکمزانی، بە کورتی و کوردی، ئەوەی بەلامەوە گرنگە بۆ کوردێک کە زمانی سوێدی نازانێت، بەچەند بەشێک و بە ووشەی خۆم بلاوبکەمەوە.

وەڵامی پرسیاری هەڵە، هەڵەیە.

“ئایا بایکۆتکردنی خویندن لەلایەن مامۆستاوە چارەسەرە؟”

ئەمەی سەرەوە پرسیاری بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی “NRT”یە. بەڕیوەبەری بەرنامەکە زۆر بە شانازییەوە، باوەڕی وابوو، دەستی خستۆتە سەر کرۆکی کێشەکە. لە دریژەی بەرنامەکەشدا، وەڵامەکان گێژاوێکیان دروستکردبوو، نە بەڕیوەبەری بەرنامەکە، و نە بینەر و بەشداربووەکان بە تەلەفۆن سەریان لێدەرەکرد.

گەمژەیی ئەو پرسیارە لەودایە، چاوەڕێی ئەوەبیت “بایکۆتکردن” چارەسەربێت. ئەوەی ئەو پرسیارە ئەکات، بێئاگایە لەوەی، مانگرتن و بایکۆتکردن، ئامرازی فشارن، نەک چارەسەر. واتە: مامۆستایان بۆیە کارناکەن، ئەیانەوێت فشار بخەنە سەر دەسەڵات، بە ئەرکی سەرشانی هەستێت. پرسیار ئەوکاتە ئەوەیە” ئایا وەڵامدانەوەی “حکومەت” بۆ ئەوکارەی مامۆستایان، چارەسەرە یان نا. بەمانایەکی تر، خودی بایکۆتکردنەکە کێشەیە و پێویستی بە چارەسەرە. بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پێویستە بزانین، هۆکاری دروستبوونی کێشەکە چییە. کە زۆر بە سادەیی: دەرەنجامی شکستهێنانی “حکومەت”ە لە هەستان بە ئەرکەکانی خۆی، کە لەم حاڵەتەدا، بریتییە لە پێدانی کرێی ئەو کارەی مامۆستایان ئەیکەن.

کاری بێبەرامبەر یان مەبەست لێی “بەخشینە” یان “بێگاریی”ە. لەم دوو حاڵەتە زیاتر، هەر بیانوویەک تەنها کاوێژکردنە و هیچ مانایەکی نییە. حکومەت لەسەر چ بنەمایەک داوای کار لە مامۆستا ئەکات بەبێ ئەوەی کرێی کارەکەیان بداتێ؟ لەناو چ تێکستێکی یاسای خزمەتکردنی مەدەنییدا نووسراوە، فەرمانبەرێک پێویستە بەردەوام بێت لە کارکردن، ئەگەریش خاوەنکار، کە لەو سیاقەدا “حکوومەت”ە، کرێی “مووچە” کارەکەی نەدات؟ هەر پاساویک بۆ نەتوانینی “حکوومەت” بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرەکانی، جگە لە شکستهێنانی “حکوومەت”، هیچ مانایەکی نییە.

من باوەڕم بەوە نییە، لە کوردستاندا، هێزێکی نیشتمانیی هەبێت و تەنها بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی دانیشتووانەکەی بچێتە جەنگەوە. ئەوانەش کە ناویان “پێشمەرگە”یە، چەکداری یەکێتی و پارتین. تەنهاش بە فەرمانی ئەو دوو گرووپە ئەچنە جەنگەوە. شەرعییەتی ئەو جەنگانەش بە پێی بەرژەوەندیی ئەو دوو گرووپە ئەپێورێت، نەوەک بەرژەوەندیی خەڵک. ئەم بۆچوونە حاشا لەوە ناکات، کە ئەکرێت چەکداراەکانی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر، بۆ نموونە داعشدا، بەو باوەرەوە کاربکەن، کە پارێزگاریی لە نیشتمان و خەڵکەکەی ئەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مەترسییەک ڕووبەڕووی ئەو ناوچەیە ببێتەوە، پێش هەمووکەس، مەترسییە بۆ سەر ژیانی شاهانەی بڕیاربەدەستەکانی یەکێتی و پارتی، دوای ئەوانیش مەترسییە بۆ سەر ژیانی دەوڵەمەندەکان. خەڵکی سادە ژیانی، لەو دۆزەخەی کە ئێستا تیایدا ئەژیی، کەم تا زۆر وەک خۆیەتی. ئەمە بەو واتایەیە، ئەو چەکدارانەی پارتی و یەکێتی، کە بەرامبەر “داعش” وەستاوون، پێش هەموو شتێک، بەرگرییکردنە لە سەڵتەنەت و بەهەشتی بڕیاربەدەستەکانی ئەو دوو گرووپە. لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراقدا، حکوومەتی ئێراق هیچ کاتێک پەنای بۆ ئەو پاساوە گەمژانەیە نەبرد، کە خەڵک پێویستە واز لە مووچەکانیان بهێنن بە بیانووی گرانیی مەسرەفی جەنگ. هەرچەندە مۆراڵی حکوومەتی ئێراق لە بەرزترین ئاستی فەسادا بوو.

بە داخستنی دەرگاکانی خویندن، مامۆستایان وانەیەک فێری خویندکارەکان ئەکەن، هەموو مێژووی دەزگای خوێندن لە کوردستاندا فێری نەکردوون. ئەویش وانەی: بێدەنگ نەبوونە لە زوڵم و ناهەقیی. گووتنی “نەخێر” بەرامبەر پێشێلکردنی ماف و ژیانی مرۆڤ. ئەم وانەیە زۆر بەنرختر و بە بەهاترە لەو کاوێژ و حیکایەتە درۆیانەی لە پەرتووکەکانی خوێندکارەکاندا نووسراوە. لە بەرامبەریشدا، قاییلبوونی مامۆستایان بە کارکردن بە بێ مووچە و ملدان بە داخوازییەکانی “حکوومەت”، بە کردار، مرۆڤێکی ملکەچ و گەمژە بەرهەمدەهێنێت لەو مناڵانەی، باوک و دایکیان دەمێکە ژیانی مێگەلییان قبووڵکردووە.

ساویلکەیی

مرۆڤ توانایەکی زۆر سەیری هەیە لە شاردنەوەی نهێنییەکانی لەناو خەیاڵی خۆیدا. ئەو توانایەش هەربەو ئەندازەیە کە مرۆڤێک هەیەتی لە هونەری ئاخاوتندا. واتە، تاکو توانای یاریکردنی بە ووشەکان زیاتربێت، هێندەش توانای شاردنەوەی مەبەستە ڕاستەقینەکانی زیادەکات. زۆر هەوڵمدا وینەی مرۆڤێک لە زیهنمدا دروست بکەم کە توانای “درۆ”کردنی نەبێت. ئەو توانا لەعنەتییەی مرۆڤ، لە هەرکوێیەکەوە سەرچاوەی گرتبێ، توانایەکی زۆر ئەفسوناویی و شەڕەنگێزە. ئایا مرۆڤ شایانی ئەوەیە، بە درۆ فریوی بدەیت، ئەوەیان بابەتێکی ترە. چونکە هەندێجار، درۆیەک، دەیان دەرد لەکۆڵ مرۆڤ ئەکاتەوە. بۆکێ دەردە و بۆکێ دەرمانە، ئەوەشیان هەر بابەتێکی جیاوازە.

جا مرۆڤ هونەرێکی تری هەیە، زۆر لە درۆکردن قەباعەت ترە. هونەری ”پاساوهێنانەوە”. ئەمەیان، لە حاڵەتە خراپەکەیدا، درۆیەکە، بۆ سپیکردنەوەی درۆیەکی پێشتر. واتە هەوڵدانە بۆ فریودانی، ئەوانەی، بە درۆی یەکەمجار نەخەڵەتاوون. پاساوهێنانەوە، ئەکرێت لە ئەخلاق، ئایین، بەرژەوەندییەکی ماددی، ڕزگاربوون لە دژوارییەک،و شتی تریش ووزە و توانا وەرگرێت.

ئەڵبەتە هیچ مرۆڤێک نییە، لە فریوخواردن بەدووربیت. بەڵام بە گشتیی، مرۆڤی پێگەشتوو (مەبەست پێگەشتی ئەقڵییە)، فریودانی دژوارترە لە مرۆڤی ساویلکە، یان پێنەگەشتوو. مرۆڤی ساویلکە باشترین کەرەستەی دروستکردنی مێگەلە. ئەڵبەتە، هەرچەندە من شارەزاییەکی ئەوتۆم لە ڕەگوریشەی ووشەی ”مێگەل”دا نییە، بەڵام هەستەکەم ووشەیەکی پڕ بە پێستی خۆیەتی. مێگەل، کۆمەڵێک مرۆڤی ساویلکەو خۆشباوەڕە، کە بەهەموو درۆیەک فریوو ئەخوات. پرسیاری نییە، ئەگەر هەشیبێت، بە وەڵامێکی سادە و ساکار، زۆربەیجار بە درۆیەک، قەناعەت ئەکات. گومانی نییە، ئەگەر هەشیبێت، بە پاساوێکی لاواز و بێمانا ئەگاتە یەقین. مرۆڤی ساویلکە، لە دونیایەکی ئەفسوناویدا ئەژی. هیچ کاتێک سەرسامییەکانی پەلکێشی ناکەن بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییدا. ساویلکەییەکەی لە بەرائەتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە دڕدۆنگیی و نەفامییەوەیەتی. پرسیارەکانی زۆر شەرمنن، بێ گیانن، بێ تەحەددان.